Search
Close this search box.

دامەزراوەی بیرکردنەوەی رەخنەیی

Critical Thinking Foundation

بیرکردنەی ڕەخنەی چیە؟

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەرهەمی کەڵەکەبوونی سەدان ساڵ لە ئەزمونی پەروەردەیی و ئارگیومێنتی فەلسەفی و بەڵگەسازیی زانستییە؛ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بەدواوە رۆڵێکی گرنگی لە ناوەندە پەروەردەیی و کولتوریەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیداکردووە، بووەتە یەکێک لە کارامەییە پێویستەکانی مرۆڤی سەردەم لە هەموو بوارەکانی زانست، فەلسەفە، پەردوەدە، داهێنان، پەیوەندیسازی و چارەدۆزیدا.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە هۆشیاربوون لەئاست ئەو ڕاستییەدا کە هەموو بیرکردنەوەیەک زادەی شوێن و سەردەمی خۆیەتی، هیچ بیرکردنەوەیەک بۆ هەموو شوێن و بۆ هەموو سەردەمێک دەست نادات. واتە هەڵسەنگاندنی بیرکردنەوە لەبەر ڕۆشنایی هۆشیاریی ڕەخنەییدا دەربارەی رەوایەتیی بۆچوونەکانمان، بیروباوەڕ و لایەندارییەکانمان، چ ئەوانەی بەرهەمی کۆمەڵگان، چ ئەوانەی زادەی بیرکردنەوەی تاکەکسیی خۆمانن. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە جیاکردنەوەی داوەری لە پێشداوەری؛ واتە دواخستنی بڕیار، بە باش یان خراپ، دەربارەی دیاردە و هەڵوێست و گوزارەکان تا ئەو کاتەی لێیان تێدەگەین و شیکاریی و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی لە دیدی خۆمان و لە دیدی ئەوانی ترەوە بۆ دەکەین. واتە پشکنین و پرسیارکردن دەربارەی ڕەوایەتی بەڵگە، بۆچوون،

لاف و بیروباوەڕەکانی خۆمان و ئەوانی تر، کە ئایا هۆشیارانە لە زەینماندا دروست بوون؟! یان وەک بەڵگەنەویست لە کەسانی تر وەرمانگرتوون و ئێمەش بێئاگا بەرهەمیان دێنینەوە؟!

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە بەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی و بوێریی فیکریمان، بەو مەرجەی سەربەخۆیی بەرەوە خۆپەرستیمان نەبات و بوێرییش بەرەوە شەڕانگێزیمان نەبات. واتە ناسینی بایەخی بیرکردنەوە، کە لە یەک کاتدا دەمانکاتە مرۆڤی ئازاد و خاوەن دیدگا، هاوکات دەمانکاتە ئەندامێکی کاریگەر و پنتێکی کارا لەناو تۆڕێکی کولتوریی لۆکاڵ و گەردوونیی فراواندا.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە بەکارهێنانی لۆجیک لە ژیانی ڕۆژانەدا؛ واتە گەشەدانی بەردەوام بە زمان وەک ئامێری بیرکردنەوە و وتوێژ و بەڵگەسازیی (ئارگیومێنت)، لەپاڵ کارامەییەکانی تری تێگەیشتن و شیکاری و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێست و لێدوان و دیاردەکان بە شیوەیەکی دروست. واتە هۆشیاربوون لەئاست ئەو ڕاستییەدا کە لەپشت هەموو قسە و بیرۆکە و بڕیارێکەوە کڵێشەگەلێکی ڕەمزیی، لۆجیکی یان نالۆجیکی، ئامادەیە. شارەزایی و توێکاریی بۆ ئەو کڵێشانە  کۆمەکمان دەکات پێکەوەگونجان لەنێوان لۆجیک و بیرکردنەوەدا بسازێنین.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی جۆرێکە لە هۆشیاریی لەئاست لێکەوتەکانی بیرکردنەوە خۆیدا، چونکە هەر وەک چۆن لەپشت هەر دیاردەیەکی باشەوە چەشنێک لە بیرکردنەوە ئامادەیە، بە هەمان شێوە لەپشت هەر دیاردەیەکی خراپ و نەخوازراوەوە چەشنێکی تر لە بیرکردنەوە بوونی هەیە، کە پێویستی بە ڕەخنە و پێداچوونەوە هەیە.