Search
Close this search box.

دامەزراوەی بیرکردنەوەی رەخنەیی

Critical Thinking Foundation

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە سۆکراتەوە بۆ ئەفلاتۆن

د. شاهۆ سەعید

سۆکرات و سەرەتای پێداگۆجی ڕەخنەیی:

سۆکرات پێی وابوو پەروەردە دەبێت بە وروژاندنی پرسیار و گومان دەستپێبکات و بە دۆزینەوەی ئەو یاسا گشتیانە کۆتایی بێت کە کاری هاوبەش و رێکەوتنی زەینی، نەک پەرتبوون و رێژەگەریی، لەنێوان مرۆڤەکاندا دروستدەکەن. لە فەلسەفەی سۆکراتدا تێگەیشتنی رێژەیی مرۆڤەکان لەسەر بابەتێکی دیاریکراو، یان هەستکردن بە بایەخی شتێک لە چەند روانگەیەکی جیاوازەوە، مانای ئەوە نیە ئەو بابەتە، یان ئەو شتە، بوونێکی جەوهەریی نیە و بەگوێرەی پێوەرە جیاوازەکان گۆڕانکاریی لە مانا و بوونیاندا روودەدات. 

لە “دایەلۆگی تیاتیەس”دا سۆکرات ڕەخنەی لەو قسەیەی پرۆتاگۆراس هەیە کە دەڵێت “مرۆڤ پێوەری هەموو شتەکانە”. بە بۆچوونی ئەو تێگەیشتنی جیاوازی ئێمە بۆ شتەکان مانای ئەوە نیە هەقیقەتی ئەو شتانە رێژەیین. بۆ نمونە کە “با” هەڵدەکات کاریگەریی و کاردانەوەی جیاواز لای مرۆڤەکان دروست دەکات؛ دەشێت بۆ هەندێکمان سارد و بۆ هەندێکمان ئاسایی و بۆ هەندێکمان گەرم بێت، رەنگە هەندێکمان وەک “نەرمەبا” و هەندێکمان وەک “رەشەبا” هەستی پێبکەین. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئێمە لەبەردەم یەک دیاردەی سروشتیداین نەک چەند دیاردەیەکی جیاواز (Plato, 1871, pp. 46-47). سۆکرات دەیەوێت بڵێت هەستکردنی جیاوازی مرۆڤەکان ئەو هەقیقەتە رەتناکاتەوە کە “با” خۆی بوونێکی بابەتی هەیە و دەکرێت ئێمە بە ئەقڵ لە بوونی “با” تێبگەین، کە جیاوازە لەو بوونە هەستەکی و رێژەییەی رای جیاواز لەنێوان مرۆڤەکاندا دروستدەکات.

لە وتوێژدا لەگەڵ سۆفیستەکاندا، سۆکرات مەبەستی بوو قسە لەسەر دیوێکی تری هەقیقەت بکات کە مەرج نیە بە ئیدراکی هەستەکی Perception، یان لەڕێگای ریتۆریک و گەمەی زمانەوانییەوە بەدەستی بێنین. ئەرکی مامۆستا، لەو پێناوەدا، تەنها ئەرکێکی پیشەیی نیە کە بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرێت وانە بڵێتەوە، یان مەعریفە بەگوێرەی داخوازیەکانی بازاڕ و لەسەر داوای قوتابیان بەرهەم بێنێت. بەڵکو ئەرکەکەی لەوە دوورترە، مامۆستا دەبێت قوتابی بە ئیدراکی ئەقڵیی Conception ئاشنا بکات کە پلەیەکی فراوانتری تێگەیشتنە، تا قوتابی خۆی لە یەک کاتدا وەرگر و بەرهەمهێنی مەعریفەش بێت. گەڕان بەدوای مەعریفەدا، بەم مانایە، رەهەندێکی ئاکاریی هەیە و لەوە باڵاترە تەنها لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت، یان بەرژەوەندیی کاتی مامۆستا و قوتابیدا بێت.

مامۆستای خاکی:

سۆکرات یەکەمین مامۆستایە لە مێژوودا کە دایەلۆگ لەسەر بنەمای تێگەیشتن، نەک تەڵقین و فەرماندان، لەگەڵ فێرخوازەکانیدا ئەنجام دەدات. بە پێجەوانەی سیستمی پەروەردە و خوێندنی نەریتپارێزەوە کە مامۆستا دەکاتە چەقی گەیاندن، سۆکرات بۆ یەکەمین جار مامۆستا دەکاتەوە بە بوونەورێکی ئاسایی کە لە پێگەیەیکی هاوتەریبەوە لەگەڵ فێرخوازدا دەدوێت. ئەو هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە “ناتوانێت فێرخوازەکانی فێری شتێکی نوێ بکات؛ بەڵکو تەنها دەتوانێت وایان لێبکات بیربکەنەوە”. فێرخواز لای ئەو وتوێژکار بوو نەک وەرگر، دەبوو ئەویش وەک مامۆستا بەشداریی لە رەنگدانەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بکات (Neveu, 2009, p. 31). واتە ئەو رۆڵە نەریتپارێزەی مامۆستای وازی نەدەکرد کە سۆفیستەکان و مامۆستایانی ئەو سەردەمە بەگشتی پەیڕەویان دەکرد. ئەو لە کاتی دایەلۆگیدا کەم جار حوکمی دەدا، بە دەگمەن دەیووت چی ڕاستەو چی ناڕاستە؟ زیاتر کۆششی دەکرد سەرپەرشتی رەوتی وتوێژەکان بکات تا ئەو کاتەی کەسی بەرامبەر پەی بە دوو شت دەبات؛ سەرەتا پەی بە نەزانینی خۆی دەبات، پاشان پەی بە دیوێکی تری زانین دەبات کە زیاتر ئەقڵی و کەمتر هەستەکییە، زیاتر کۆکبوون لەنێوان مرۆڤەکاندا دروست دەکات و کەمتر تاکەکەسییە، بەرهەمی ئارگیومێنتە نەک گوتارێکی ئاڕاستەکراو لەلایەن مامۆستاوە.

پەی بردن بە نەزانین (جهل Ignorance) ئاستێکی گرنگی کەشفی مەعریفییە لای سۆکرات کە بە تەوسی سۆکراتی Socratic Irony ناسراوە؛ چونکە لە دۆخێکی وادا نەزانین دەبێت بە سەرچاوەی زانین و یەکەمین هەنگاوی مرۆڤ بەرەو مەعریفە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە مرۆڤ “دەزانێت کە  نازانێت”. لە بەرامبەردا، مەترسیدارترین ئاستی جەهل لای هەر مرۆڤێک ئەو کاتە دەردەکەوێت کە “نازانێت کە نازانێت”. ئەم دۆخەی دوومیش پێی دەوترێت نەزانینی لێکدراوە (جهل مرکب Double Ignorance) (Layne, 2010).

پەرچە گریمانەElenchus  

یەکێک لە میتۆدەکانی فێرکاریی لای سۆکرات بە میتۆدی (ئەلینکەسElenchus ) ناوبانگی دەرکردووە، کە مانای پەرچە گریمانە دەگەیەنێت، یان رەتکردنەوەی گریمانەی کەسی بەرامبەر. ئەفلاتۆن لە بەشێک لە دایەلۆگەکانیدا میتۆدی ئەلینکەس وێنادەکات کاتێک سۆکرات لە رێگەی رەتکردنەوەی گریمانەی کەسی بەرامبەرەوە گریمانەیەکی پێچەوانە دەخاتەڕوو. ئەڵبەتە کەسی بەرامبەریش دەکەوێتە بەرگریکردن لە هەڵوێستی خۆی و گریمانەی تر دەخاتەڕوو تا پشتیوانی گریمانەی یەکەمی بکات. لە درێژەی ئەو پرۆسەیەدا سۆکرات پرسیاری وردتر و گومانی زیاتر دەوروژێنێت. سەرەنجام کەسی بەرگریکار دەکەوێتە کۆدژییەوە Contradiction، پاشان بۆی دەردەکەوێت بەشێک لە قسەکانی پێچەوانەی بەشێکی تریەتی و یەکتری رەتدەکەنەوە (Audi, 1999, p. 257). 

ئامانجی سۆکرات لەو ستراتیجە قووڵکردنەوەی گۆشەنیگای وتوێژکار و فێرخوازان بوو تا بزانن حوکمدان لەسەر بابەتەکان، بەتایبەتی بابەتە ئاکاریەکان، هێندە ئاسان نیە و پێوستی بە ئارگیومێنتی بەردەوام و ئەڵقەی وتویژی بەردەوامە، هەروەها پتەوکردنی گیانی کاری دەستەجەمعی هاوکات لەگەڵ کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ تێگەیشتن. سۆکرات وەک مامۆستای ئاسایی ئەو کارەی نەدەکرد؛ بەڵکو هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە ئەو ناتوانێت شتێکی نوێ فێری ئەوانی تر بکات؛ بەڵکو تەنها تێدەکۆشێت خۆیان جڵەوی بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ بگرنەدەست و تەسلیمی بۆچوونی باو و لایەنداریی پێشوەخت نەبن.

مامانی بیرکردنەوە

هەندێک لە فێرخوازەکانی سۆکرات پێیانوابوو مامۆستاکەیان خاوەنی حیکمەت و توانایەکی بان-مرۆییە، چونکە دەتوانێت زانیاریی گرنگ و ئەنجامگیریی سەرسوڕهێنەر ببەخشێتە فێرخوازانی کە خۆیان لە کاتی ئاساییدا ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن. بەڵام سۆکرات رایەکی پێچەوانەی هەبوو، ئەو خۆی بە خاوەنی هیچ حیکمەت و پیرۆزییەک نەدەزانی؛ بەڵکو دەیوت من تەنها ئیشەکەی دایکی خۆم دووبارەدەکەمەوە کە بریتییە لە “مامانی”، بەڵام لە نێوکۆیەکی تر و بە شێوازێکی تر. واتە ئەو لە بری ئەوەی سەرپەرشتی لە دایکبوونی جەستەی مرۆڤ بکات، سەرپەرشتی لە دایکبوونی رۆح و بیرۆکەکان دەکات؛ چونکە مامان خۆی خولقێنەری منداڵ نیە، ئەوە ئیشی خودایە، بەڵکو تەنها ئەو دۆخە ئامادە دەکات کە منداڵەکەی تیادا دێتە بوونەوە. مامۆستای فەیلەسوف لە شتێکی تریشدا لە مامان دەچێت، کاتێک ژانی “دووگیانبوونی وەهمی” لە ژانی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە.  هەندێک جار ئافرەت وا دەزانێت دوو گیانە یان تووشی ژانی منداڵبوون بووە؛ بەڵام لە ڕاستیدا جەستەی بە هۆکاری تر ئاوساوە و کۆرپەلە لە مناڵدانیدا نیە؛ بەهەمان شێووە هەندێک جار مرۆڤەکان واهەست دەکەن بیرۆکەی مەزن لە مێشکیاندایە، بەڵام دواتر دەردەکەوێت مێشکیان تەنها بە وەهم و خەیاڵاتی بێسەروبەر ئاوس بووە (Plato, 1871). 

فێربوون لەسەر بنەمای چارەدۆزی

بەرپرسیارێتی مامۆستا لە فەلسەفەی سۆکراتدا تەنها بەرپرسیارێتیەکی مەعریفی رووت نیە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئاکاردۆستانەشە کە بایەخ بەتەندروستی ئەقڵی فێرخواز دەدات. بەرپرسیاریەتییەکی لەو جۆرە دەخوازێت وەک چۆن مامان بە وردی چاودێریی جەستەی کۆرپەلە دەکات و دەیپارێزێت، پێویستە مامۆستاش رۆحی قوتابی لە کاتی وەرگرتنی مەعریفەدا بپارێزێت و رێگەنەدات ببێتە خاوەنی رۆحێکی سست و لاساییکەروە کە لەدوای مامۆستاوە زانیارییەکان دووبارەبکاتەوە. ئەم میتۆدە پەروەردەییە هەرچەندە بایەخ بەکاری دەستەجەمعی فێرخوازان دەدات؛ بەڵام لە هەمان کاتدا وەک کۆمەڵێک مرۆڤی سەربەخۆ تەماشایان دەکات کە هەموویان خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن و کەسیان کۆپی کەسیان نین.

ستراتیجێکی لەمجۆرە زامنی سێ ئەرکی پەروەردەیی دەکات لەپێناو پاڕاستنی تایبەتمەندیی فێرخوازان، لەپاڵ پتەوکردنی گیانی کاری هاوبەش و هاندانیان تا پەی بە توانا شاراوەکانی خۆیان بەرن. ئەم سێ ئەرکەش پێکەوە پایەکانی ئەو میتۆدۆلۆجییە پەروەردەییە پێکدێنن کە لە زمانی ئەمڕۆدا پێی دەوترێت “فێربوون لەسەر بنەمای چارەدۆزی Problem-based learning PBL”. واتە ئەو شێوازەی وانەوتنەوە کە مامۆستا، یان بەڕێوەبەری ئەڵقەی وتووێژ، پێش ئەوەی هەر زانیارییەکی دیاریکراو پێشکەش بکات؛ هەوڵدەدات کەشێک بۆ فێرخوازان بڕەخسێنێت کە لەیەک کاتدا -لەپاڵ فێربوووندا- سێ رۆڵی تریش بگێڕن کە بریتین لە: (یەکەم) پتەوکردنی رۆحیەتی کاری هاوبەش لەگەڵ گروپدا؛ (دووەم) بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەڕێگای وروژاندنی پرسیار و گومان دەربارەی وەڵامە ئامادەکان و (سێیەم) هەوڵدان بۆ ئەوەی فێرخواز وەک مامۆستا رۆڵ ببینێت و خۆشی بەشێک بێت لە چارەدۆزی، نەک تەنها پرسیار بوروژێنێت (Shin-Yun Wang, 2008). 

قاوەخانەی سۆکرات:

لە حەفتاکانی سەدەی رابردودا، فەیلەسوف و پەروەردەکاری ئەمریکی ماتیۆ لیپمان (١٩٢٢-٢٠١٠) پڕۆژەیەکی راگەیاند لەژێر ناوی “فەلسەفە بۆ منداڵان” بە مەبەستی گەشەدان بە توانای داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لای منداڵان، کە وەک میتۆدی سۆکراتی لەسەر بنەمای وتووێژ دامەزرابوو لە پاڵ پەیڕەوکردنی شێوازی حیکایەتخوانی. پاش ئەوەی پڕۆژەکە لە ئەمریکا سەرکەوتنی گەورەی بەدەسەتهێنا و بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆوە (Nancy Vansieleghem, 2011)، چەندین پڕۆژەی هاوشێوە بۆ زیندوکردنەوەی دایەلۆگی سۆکراتی راگەیەندران، یەکێکیان پڕۆژەکەی ساڵی ٢٠٠١ی بیریاری ئەمریکی کریستۆفەر فیلیپس بوو لەژێر ناوی (قاوەخانەی سۆکرات Socrates Cafe)  بە مەبەستی گەشەدان بە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، چ لە رێگای سازدانی ئەڵقەی دایەلۆگی ڕاستەوخۆوە بێت یان لە رێگای ئینتەرنێتەوە بێت لە سەرانسەری جیهاندا. فیلیپس، لە رێگای بەستنەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە چالاکی مەدەنییەوە، کۆمەڵێک ناوەندی دایەلۆگی کردەوە کە لە هەمان ئەو پرسیارانەوە دەستیانپێکرد کە کاتی خۆی سۆکرات دەیوروژاندن، وەک: دادپەروەریی چیە؟ ڕەندی و چاکەکاری چیە؟ ئازایەتی چیە؟ (Jody Piro, 2015, p. 266)  

پڕۆژەی قاوەخانەی سۆکرات لەسەر بنەمای بیرۆکەی (ئەرێت Arete) دامەزراوە، کە لە زمانی یۆنانی کۆندا بە مانای “ئاکاری چاک یان ڕەندیی” دێت. مەبەست لە زیندوکردنەوەی ئەو بیرۆکەیە لە سەردەمی ئێستاماندا بریتییە ئاڵوگۆڕێ دید و بۆچوونە جیاوازەکان لە سەردەمێکدا کە ململانێ و کەلێنی گەورە لەنێوان مرۆڤ و گروپ و کولتورەکاندا دروستبووە. ئامانجی پڕۆژەکە ئامادەکردنی کەشێکی نوێیە لە دنیای مۆدێرن و ئەو نێوەندە ئەلیکترۆنیەی کە ئینتەرنێت دروستیکردووە، بەجۆرێک هاوشێوەی هەمان ئەو کەشە فەلسەفییە بێت کە کاتی خۆی سۆکرات دروستی کردبوو. ئامانجێکی تری پڕۆژەکە گواستنەوەی پرسیارە فەلسەفییەکانە لە ئەکادێمیا و نێوەندی دەستەبژێرانەوە بۆ هەموو تاک و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، لە قوتابخانەوە بۆ پەرستگا، تا دەگاتە مرۆڤە ئاوارە و خاوەن گرفتەکان و سەرجەم گروپەکانی تری کۆمەڵگا (S.C., 2020). 

ڕەخنە لە سۆکرات:

کاتێک دراما فەلسەفیەکانی ئەفلاتۆن دەخوێنینەوە لە زۆربەیاندا سۆکرات وەک پاڵەوانێک دەردەکەوێت کە ئەرکەکەی گەیاندنی پەیامێکی پیرۆزە لەپێناو ئاشناکردنی مرۆڤ بە کانگا ڕاستەقینەکانی هەقیقەت، پەیامێک کە ئامادە نیە لێی پاشگەز ببێتەوە و لە کۆتاییشدا هەر لەو پێناوەدا گیانی خۆی دەسپێرێت. ئەو وێنەیەی ئەفلاتۆن و پاشان پەیڕەوانی لۆجیک و فەلسەفەی گریکی بۆ سۆکراتی دەکێشن زیاتر لە وێنەی پەیامبەرێکی خاکی دەچێت تا مامۆستایەکی ئاسایی. واتە هەڵگری کۆدژییە لەنێوان کەسێک کە لەلایەکەوە خاکییە، بەڵام لە لایەکی ترەوە بە متمانەیەکی زۆر و هەندێک جار بە تەوسەوە قسە لەگەڵ فێرخوازان و وتوێژکارانیدا دەکات.

یەکێک لە فەیلەسوفە هاوچەرخەکان، کە هانس جۆرج گادامێرە (١٩٠٠-٢٠٠٢)، خوێندەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ میتۆدۆلۆجیای سۆکرات دەکات و پێی وایە ئەوەی ناونراوە دایەلۆگی سۆکراتی زیاتر لە پرسیار و وەڵام دەچێت نەک وتووێژ، سۆکرات پرسیاری یەک لەسەر یەک دەکات و بەرامبەرەکەیشی تەنها بۆی هەیە وەڵام بداتەوە نەک پرسیاری پێچەوانەی ئاڕاستە بکاتەوە. واتە سۆکرات لە پێگەی کەسێکەوە قسەدەکات کە پێشووەخت هەقیقەتی لایەو دەزانێت رەوتی وتوێژەکە بەرەو کوێ دەڕوات، زۆرجاریش بە پرسیارەکانی کەسی بەرامبەر تووشی لەڕوودامان و و پشێویی دەروونی دەکات (Gadamer, 1989, pp. 356-357).

بە گەڕانەوەش بۆ گفتوگۆکەی سۆکرات لەگەڵ پرۆتاگۆراسدا دەربارەی چەمکی چاکە دەبینین سۆفیستەکانیش خاوەن لۆجیکی خۆیان بوون و پێیان وابووە بەستێن Context و گۆشەنیگای مرۆڤەکان کاریگەریی لەسەر مانا و هەقیقەتی شتەکان بەجێدێڵن، ئەو لۆجیکەی کە ئەمڕۆ لە بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا بایەخی خۆی هەیە. بەڵام سۆکرات کەمتر ئاڵوگٶری بۆچوون لەگەڵ پرۆتۆگۆراسدا دەکات و داوای لێدەکات تەنها وەڵامی پرسیارەکانی ئەو، بە بەڵێ یان نەخێر، بداتەوە. ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکانی میتۆدی سۆکراتی کە پێویست دەکات ڕەخنەییانە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت (Brodin, 2007, p. 50).

کاریگەرییەکانی سۆکرات:

سەرباری هەموو گومانەکان دەربارەی کەسایەتی سۆکرات کە هیچ دەقێکی نوسراوی لەپاش خۆی جێ نەهێشتووە، ئەوەش ساغ نەبووەتەوە کە ئایا کەسایەتییەکی ڕاستەقینە بووە یان حەکیمێکی ناو چیرۆکەکان بووە، بە تایبەتی دراما فەلسەفیەکانی ئەفلاتۆن؟ بەڵام لە هەموو حاڵێکدا سۆکرات دەبێتە دیارترین ئایکۆنی مامۆستای فەیلەسووف لە مێژوودا، مامۆستایەک کە میتۆدۆلۆجیایەکی تایبەتی وتووێژ و فێرکاری دادەهێنێت و لە زۆربەی نیوەندەکانی خوێندن و ئەکادێمیا کۆن و نوێیەکان پەیڕەو دەکرێت.

سۆکرات زیاتر مامۆستا بوو نەک فەیلەسوف؛ بەڵام لەسەر دەستی ئەو گەورەترین فەیلەسوف پێدەگات کە ئەفلاتۆنە، ئەفلاتۆنێک بە وتەی فەیلەسوفی ئینگلیزی ئەلفرێد وایتهێد (١٨٦١-١٩٧٤) سەرلەبەری فەلسەفەی خۆرئاوایی هیچ نیە جگە لە کۆمەڵێک پەراوێز (حاشیة Footnote) لەسەر فەلسەفەکەی ئەو(Murdoch, 2033, pp. 235-236). لە قۆناغێکی تردا ئەم قوتابییەی سۆکرات خۆیشی دەبێتەوە بە مامۆستا و لەسەر دەستی ئەویش دامەزرێنەری لۆجیک لە مێژوودا پەروەردە دەبێت کە ئەرستۆ تاڵیسە. پێگەی ئەرستۆش لە ئاستێکدایە کە دەوترێت بەردی بناغەی هەموو زانستە خۆرئاواییەکان، بە هەردوو خێزانە سروشتییەکان و مرۆییەکانەوە، لە ماتماتیکەوە بۆ گەردوونناسی.. تا زانستی پزیشکی و زانستی سیاست و جوانناسی  و …تاد، هەموویان لەسەر دەستی ئەو دانراون.

بە کورتی، ئەو میتۆدەی سۆکرات لە وانەوتنەوە و وتووێژدا پەیڕەوی کردووە بە ئەندازەیەک جووڵەو داینامیەتی بەخشیوەتە فەلسەفە و زانستی خۆرئاوایی، کە تا ئێستاش درێژبوونەوەی هەیە و هەموو جارێک کە باس لە پێداگۆجی خوێندن و میتۆدۆلۆجیای وانەوتنەوە دەکرێت کەسایەتی سۆکرات، بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئامادەیە. پێداگۆجی سۆکرات رێگای خۆشکرد بۆ لە دایکبوونی یەکەمین ئەکادێمیای خۆرئاوایی لە مێژوودا کە ئەکادێمیای ئەفلاتۆنە، پاش ئەویش ئەکادێمیاکەی ئەرستۆ کە بە لایسیۆم Lyceum ناویدەرکرد.

ئەفلاتۆن: سنور و ئاسۆکانی بیرکردنەوە

مەرگی تراجیدیی سۆکرات کاریگەریی دەروونی و پاشان فیکریی قووڵ لەسەر ئەفلاتۆنی فێرخوازی دروستدەکات. ئەفلاتۆن، کە بە چاوی خۆی کرمێبوون و داڕمانی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەسینا دەبینێت، پێداچوونەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەو واقعە سیاسیی و کولتورییەی ئەسینا دەکات. ئەو پێی وابوو ژاوەژاوی دێمۆکراسی سیاسی و چەواشەگۆیی سۆفیستەکان دوو هۆکاری سەرەکی ئەو داڕمانە بوون. بۆ ئەو مەبەستە ئەکادێمیایەک دادەمەزرێنێت بە مەبەستی ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێی فەیلەسوفان، کە یەکێکیان ئەریستۆ تاڵیس دەردەچێت، تا لە ڕێی تێڕامان و بیرکردنەوە و بەڵگەسازییەوە پەی بە هەقیقەت بەرن، نەک سەپاندنی دەنگی زۆرینە.

ڕەخنە لە مەعریفەی رووکەش

ئەفلاتۆن پێی وابوو بیرکردنەوەی دروست لەڕێگای تێرامانەوە پێی دەگەین کە ئەرکی دەستەبژێری فەیلەسوفانە. ئەو دژی ئەوە بوو ئەرکی بیرکردنەوە و بڕیاردان بدرێتە دەست زۆرینەی خەڵک، چونکە مرۆڤەکان بەگشتی بە شێوەیەکی هەستەکی مامەڵە لەگەڵ رواڵەتی دیاردەکاندا دەکەن و توانای کەشفکردنی جەوهەری شتەکانیان نیە. زۆربەی مرۆڤەکان بە سروشت، لە ڕووی فیکرییەوە، تەمبەڵن.. ئەو تەمبەڵییەش وەک دۆخێکی ئاسایی دەبینن، چونکە لە منداڵییەوە لەسەری راهاتوون. ئەفلاتۆن لە بەشی حەوتەمی کتێبی “کۆمار”دا حیکایەتێکی رەمزیی دەگێڕێتەوە دەربارەی کۆمەڵێک مرۆڤ کە لە منداڵییەوە لە ئەشکەوتێکدا بەندکراون و تەنها دیواری ناوەوەی ئەشکەوتەکە دەبینن. لەسەر دیوارەکە کۆمەڵێک تارمایی دەبینن کە رەنگدانەوەی ئاگرێکی پڕ بڵێسەیە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە هەڵگیرساوە. هاوکات رەنگدانەوەی کۆمەڵێک بوکەڵە دەبینن کە لە دەلاقەی ئەشکەوتەکەوە جووڵەیان پێدەکرێت و بەهۆی شەوقی ئاگرەکەوە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە دەردەکەون. مەعریفەی رووکەشی مرۆڤەکان بە گشتی لە مەعریفەی ئەو بەندکراوانەی ناو ئەشکەوتەکە دەچێت، ئەوان وا دەزانن بوونەوەری ڕاستەقینە دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ نابینن جگە لە تارمایی و وێنەی وەهمی. لە دۆخێکی وادا کاری فەیلەسووف ئەوەیە خۆی لەو کۆت و دیلێتییە راپسکێنێ و ئەشکەوتەکە جێ بێڵێت تا بە خۆری هەقیقەت ئاشنا ببێت. هەرچەندە خۆری هەقیقەت ئازار بە چاوی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەڵام سەرەنجام وای لێدەکات لەگەڵ رووناکیدا ببێتە هاوڕێ و جارێکی تر ژیانی بەندایەتی و تاریکی ناو ئەشکەوتەکە قبووڵ نەکاتەوە؛ چونکە گەڕانەوە لە رووناکییەوە بۆ تاریکی کارێک دەکات مرۆڤ بە ئاستەم وێنەی ناو تاریکی ببینێت و چیدی بە جووڵە وەهمیەکان فریوناخوات. 

هەر لە هەمان کتێبدا ئەفلاتۆن بە رەمز باس لە مەترسیی زۆرینەی خەڵک دەکات کە وەک بەندکراوانی ئەشکەوتەکە لەسەر نەزانین راهاتوون و تەنها رووکەشی وەهمیی شتەکان دەبینن. ئەو کەسانەی بوونەتە هاووڕێی وەهم و جەهل قاڵبیان لەسەر ژیانی بەندێتی وەرگرتووە و لە هیچ کەسی قبووڵ ناکەن کۆت و زنجیرەکانیان بپسێنێت و لە ئەشکەوتەکە دەربازیان بکات. دەشێت گاڵتە بەو کەسە بکەن کە هەوڵی رزگارکردنیان دەدات، یان گەر لە دەستیان بێت بیکوژن (Plato, 1968, pp. 193-197).    

ئەقڵ وەک سەردار 

بۆ دەربازبوون لە دۆخی نەزانین و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگا، ئەفلاتۆن پێشنیاز دەکات ئەقڵ سەرداری مرۆڤ بێت و لە دەوڵەتیشدا فەیلەسوفان فەرمانڕەوا بن. لە دیدی ئەودا، ئێمە لە ڕیگای ئەقڵەوە پەی بە جیهانی بیرۆکە و چەمکە باڵاکانی وەک حیکمەت و خێر و جوانی دەبەین، هەروەها پەی بە یاسا نەگۆڕەکانی ماتماتیک و ئەندازەناسی و زانستەکانی تر دەبەین. بەڵام گەر ئەقڵ ئەو کارە نەکات ئەوە تەنها بە ئیدراکی هەستەکی پەی بە شتەکان دەبەین، کە ئیدراکی کاتی و رووکەش و هەڵخەڵەتێنەرە. ئەفلاتۆن پێگەیەکی پیرۆز دەبەخشێت بە ئەقڵ و پێی وایە ئێمە تا لە کانگای ئیدراکی ئەقڵیی نزیکتر بکەوینەوە زیاتر بە مەعریفەی یەزدانی و ژیانی نەمریی ئاشنا دەبین. بەڵام گەر تەنها هەستەکان لە بەدەستهێنانی مەعریفەدا بەکار بێنین ئەوە تەنها توانا ئاژەڵیەکانمان دەخەینەگەڕ و تەنها بە جیهانی شتە مادیەکان ئاشنا دەبین کە جیهانێکی کاتییە و هەرزوو لەناودەچێت.

هەمان فەلسەفەی ئەفلاتۆن، کە دەبێتە سەرەتای قوتابخانەی ئایدیاڵیزم لە مێژووی بیرکردنەوەدا، لە چوارچێوەی حیکایەتێکی رەمزیی تردا گوزارشتی لێکراوە کە بە حیکایەتی “گالیسکە” ناسراوە. بوونی مرۆیی لەو حیکایەتەدا لە وێنەی گالیسکە (عەرەبانە)یەکدایە کە دوو ئەسپی باڵدار رایدەکێشن: ئەسپێکی خۆشڕەو و رەسەن کە نوێنەرایەتی ئازایەتی و حەماسەت دەکات، لەپاڵ ئەسپێکی رەش و بەلەسە کە نوێنەرایەتی هەڵپە و ئارەزوەکانی وەک جووتبوون و زۆرخۆری دەکات. گالیسکەوان (عەرەبانچی) نوێنەرایەتی حیکمەت دەکات کە پێویستە هاوسەنگی لە نێوانیاندا رابگرێت و رێگە نەدات رەوتی گالیسکەکە بە ئاڕاستەیەکی خراپدا بڕوات. مرۆڤ دەبێت هەمیشە جڵەوی ئەسپەکانی لە دەستدا بێت، بەتایبەتی ئەسپە بەلەسەکە کە دەشێت مرۆڤ بەرەو چێژی زەمینی و کاتی بەرێت و لە جوانی نەمر و یەزدانی بێبەشی بکات (Belfiore, 2006, pp. 185-188). 

لە ئەناتۆمی جەستەی مرۆڤدا گەلیسکەوان نوێنەرایەتی ئەقڵ دەکات کە شوێنەکەی (سەر)ـە، ئەسپی یەکەم –رەسەنەکە- نوێنەرایەتی هەست و سۆز دەکات کە شوێنەکەی (دڵ)ـە. ئەسپەکەی تریش -بەلەسەکە- نوێنەرایەتی شەهوەت دەکات کە شوێنەکەی (ورگ یان ئەندامی زاووزێیە). کاتێک هەمان ئەناتۆمی رەمزیی لە بازنە گەورەکەدا دەگوازینەوە بۆ کۆمەڵگا و بنیاتی دەوڵەت، پێویستە فەیلەسوفان باڵاترین پێگەیان هەبێت چونکە ئەوان نوێنەرایەتی ئەقڵی دەوڵەت دەکەن، کە دەکاتە دەسەڵاتی سیاسی. هەرچی کەسە حەماسی و جەنگاوەرەکانیشە نوێنەرایەتی لەشکری دەوڵەت دەکەن کە پێویستە دەسەڵاتیان لە خوار دەسەڵاتی توێژی یەکەمەوە بێت. توێژی بازرگانانیش، کە کار لەسەر جوڵاندنی شەهوەت و ئارەزوەکان دەکەن، نوێنەرایەتی بازاڕ دەکەن و پێویست دەکات لە پلەیەکی خوارووتروە بن و لەژێر چاودێریدا بن.

بیرکردنەوەی ناڕەخنەیی لای ئەفلاتۆن

بەڕای فەیلەسوفی ئینگلیزی بە رەچەڵەک نەمسایی کارڵ پۆپەر (١٩٠٢-١٩٩٤) سەرباری بایەخی فەلسەفەی ئەفلاتۆن -کە خاوەنی شۆڕشێکی گەورەیە لە فیکردا- بەڵام دواجار ئەویش کوڕی مێژووی خۆیەتی و فەلسەفەکەی زادەی بارودۆخی ئەو کاتەی ئەسینا بووە، کە بەدەست شەڕی ناوخۆی نێوان خێڵەکان، شەڕی دەرەکی لەگەڵ سپارتا، برسێتی، پەتا و نائارامی بەردەوامەوە ناڵاندویەتی. بەلاڕێدابردنی ئەزموونی دێمۆکراسی ئەسینا-ش کە دەبێتە مایەی دادگاییکردن و سەپاندنی مەرگ بەسەر سۆکراتدا یەکێکی تر بووە لەو هۆکارانەی کە ئەفلاتۆنی کردوە بە دوژمنی سەرسەختی دەسەڵاتی زۆرینە. دواجاریش ناچاریکردووە شارەکەی جێ بهێڵێت و بیر لە تیۆریزەکردن بۆ دامەزراندنی یۆتۆپیایەکی سیاسی بکاتەوە کە دەسەڵات تیایدا جێگیر بێت، بە پێچەوانەی سیستمی دێمۆکراتییەوە کە گۆڕانکاری بەردەوام لە بنیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتدا دروستدەکات (Karl Popper, 1994, pp. 17-20). 

واتە هەرچەندە ئەفلاتۆن خۆی ڕەخنەگرێکی سەرسەختی ستەمکاری و پاشەگەردانیی ئەو دەمەی ئەسینا بووە؛ بەڵام تێزێکی فەلسەفی ناڕەخنەیی داڕشتوە، یان وەک پۆپەر دەڵێت: بەرنامەرێژیی بۆ سیستمێکی تۆتالیتار کردوە کە وڵاتی بەسەر چەند چێینێکی نەگۆڕدا دابەشکردووە، چارەنوسی وڵاتی بەستۆتەوە بە چارەنوسی توێژی دەسەڵاتدارانەوە، مافی پێبەخشێون دەسەڵاتی سەربازی پاوان بکەن، چالاکیی فیکریی سانسۆر بکەن و دەستوەردەنە کاروباری ئابوریشەوە (Ibid, pp. 83-84).

دوو کەلێنی تری فەلسەفەی ئەفلاتۆن کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر رەوتی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە مێژووی کۆندا دروستدەکەن بریتین لە: (یەکەم) بێنرخ تەماشاکردنی داهێنان و کاری شاعیران و هونەرمەندان کە پێی وابووە ئەوان تەنها لاسایی جیهانی شتە مادی و کاتیەکان دەکەنەوە. (دووەم) بە نزم تەماشاکردنی ئیدراکی هەستەکی کە پێی وابووە ئیدراکێکی هەڵخەڵەتێنەرە و مرۆڤ تووشی وەهمی زانین دەکات. 

ئەڵبەتە ناکرێت لە باسکردنی ریشەی فەلسەفیی بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا ئاماژە بە بایەخی میتۆلۆجیا و خەیاڵی داهێنەرانەی گریکی نەدرێت، بەتایبەتی لای هۆمێرۆس، کە کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر بەڵگەسازی، هۆدۆزیی و متیۆدی ئەنجامخوازی فەلسەفیی بەجێ هێشتووە؛ بگرە کاریگەرییەکەی زۆر بە ڕۆشنی درێژدەبێتەوە بۆ خودی ئەفلاتۆن کە زۆربەی حیکایەتە رەمزیی و مێتافۆرە فەلسەفییەکانی بارگاویین بە خەیاڵ و داهێنانی هونەریی. بەڵام پێدەچێت ئەفلاتۆن قەناعەتی وابووبێت ئەو تەنها لەڕێی بیرکردنەوەی لۆجیکیی پەتییەوە توانیویەتی پەی بە بیرۆکە فەلسەفیەکانی بەرێت دوور لە خەیاڵی داهێنەرانە. لە کاتێکدا تازەترین تێزەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە ئێستادا جەخت لەوە دەکەنەوە کە خەیاڵ، یان بیرکردنەوەی داهێنەرانە، دیوی دووەمی بیرکردنەوەی لۆجیکییە. ڕاستتر هەموو کەشفێکی فەلسەفی و بگرە زانستیش قەرزداری خەیاڵ و تێڕامانی هونەرییە، کە پێ بە پێی لۆجیک ئاسۆی بیرکردنەوە فراوانتر دەکات.

کەلێنێ دوومیش، سەبارەت بە بێنرخکردنی ئیدراکی هەستەکی، کاریگەریی خراپ لەسەر بایەخی میتۆدی ئەزموونکاریی دروستدەکات، لە کاتێکدا بەگەڕخستنی هەستەکانی مرۆڤ و بەکارهێنانی تاقیگەی ئەزموونکاریی لە زانستدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی بیرۆکەکان. میتۆدی ئەزموونکاری لە قۆناغێکی تری مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتی لە دوای رێنیسانسەوە دەبێتە هەوێنی قوتابخانەی ئەزمونگەریی- ئێمپێریسیزم Empiricism کە بەیەکێک لە قوتابخانە گرنگەگان ئەژماردەکرێت و دەبێتە رکابەری سەرەکیی قوتابخانەی ئەقڵگەریی- راشناڵیزم Rationalism  لە فەلسەفە و زانستدا. 

بەرگریی لە نیوەی تێزەکەی ئەفلاتۆن

لەبەر ڕۆشنایی هەمان لۆجیکی پۆپەر کە ئەفلاتۆن کوڕی سەردەمی خۆی بووە و تێزەکانی رەنگدانەوەی پێداویستیەکانی ئەو دەمە بوون، دەکرێت بەرگریی لە نیوەی لۆجیکی ئەفلاتۆن بکەین سەبارەت بە دژایەتیکردنی پەنابردن بۆ دەنگی زۆرینە، بەتایبەتی لە بابەتە فیکریی و زانستیەکاندا. ئەریستۆکراتیەتی فەلسەفی، لە یەکێک لە ماناکانیدا، ئەوە دەخوازێت هەقیقەتی فیکریی و زانستی لە هەقیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیابکرێنەوە. ڕەنگە ئاسایی بێت لە دنیای سیاسەت وپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا پەناببرێت بۆ ڕەزامەندیی خەڵک و حوکمی زۆرینە بکرێتە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر هەندێک لە باباتەکان؛ بەڵام پەیڕەوکردنی هەمان لۆجیک لە دنیای فیکر و زانستدا دەرەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، چونکە ئێمە تەنها لەڕێگای توێژینەوە و ئارگیومێنتەوە دەتوانین کارێکی لەو جۆرە بکەین، کە ئەوەش پشتئەستوورە بە هێزی سەلماندنی زانستی و بەڵگەسازیی لۆجیکی نەک ژمارەی دەنگدەران و هێزی چەندایەتی خەڵک. واتە گەر تێزەکەی ئەفلاتۆن لە رووی سیاسییەوە گرفتئامێز بووبێت کاتێک بەرگریی لە ئەریستۆکراتیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە، ئەوە لەڕووی فەلسەفییەوە بایەخدارە کاتێک بەرگریی لە ئەریستۆکراتیەتی فیکریی دەکات. 

دەشیت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئێستای خۆرئاوادا هەست بە گرفتێکی لەو جۆرە نەکرێت، چونکە ئەوان خاوەن مێژوویەکی سەدان ساڵەی ئەریستۆکراتیەتی فیکریین و بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسیارە فیکریی و زانستیەکان پەنا بۆ ئەکادێمیا و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە دەبەن، نەک دەنگی زۆرینە یان دەسەڵاتی کڵێسا و حکومەت و کەرتە کۆمەڵایەتیەکان. بەڵام کەسێک لە وڵاتە ستەمگەر و دواکەوتووەکاندا ژیابێت، بە ئاشکرا هەست بە ستەمی زۆرینە و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی دەکات کە زۆرجار بۆ بەگژاچوونەوەی فیکر و ئیرهابی زانا و بیریاران پەنایان بۆ براوە و دەبرێت، دۆخێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە کاتی خۆی سۆکراتی تیادا دادگاییکرا و بە تۆمەتی  دژایەتیکردنی پیرۆزییەکانی ئەو دەمەی خەڵکی ئەسینا سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوەکان:

  • Audi, R. (1999). The Cambridge Dictionary of Philosophy. Cambridge: Cambridge University Press.
  • Belfiore, E. (2006). Dancing with the Gods: The Myth of the Chariot in Plato’s “Phaedrus”. The American Journal of Philology, Vol. 127, No. 2, 185-217.
  • Brodin, E. (2007). Critical Thinking in Scholarship: Meanings, Conditions and Development. Lund: Lund University.
  • Gadamer, H. G. (1989). Truth and Method. London. New Yourk: Continuum.
  • Jody Piro, G. A. (2015). Discussions in a Socrates Café: Implications for Critical Thinking in Teacher Education. Action in Teacher Education, 37:3, 265-283, DOI: 10.1080/01626620.2015.1048009, 265-283.
  • Karl Popper, E. H. (1994). The Open Society and Its Enemies. Princeton: Princeton University Press.
  • Layne, D. A. (2010). From Irony to Enigma: Discovering Double Ignorance and Socrates’ Divine Knowledge. Methexis. Vol. 23, 73-90.
  • Murdoch, I. (2033). From a Tiny Corner in the House of Fiction: Conversations with Iris Murdoch. Edited by Gillian Dooley. Columbia: University of South Carolina Press.
  • Nancy Vansieleghem, D. K. (2011). What is Philosophy for Children, What is Philosophy with Children—After Matthew Lipman? Journal of Philosophy of Education. Vol. 45, No. 2, 171-182.
  • Neveu, M. J. (2009). Educating the Reflexive Practitioner. ARCC Jornal. Vo. 6 Issue 1, 31-37.
  • Plato. (1956). Protagoras. Benjamin Jowett’s translation. New York: The Library of Liberal Arts. The Bobbs-Merrill.