Search
Close this search box.

دامەزراوەی بیرکردنەوەی رەخنەیی

Critical Thinking Foundation

بیرکردنەوەی داهێنەرانە: دەرکەوتێکی ڕاستەقینەی بوونی مرۆڤ

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: شارا رەشید

یەکەم: پێناسە وچەمک

بیرکردنەوەی داهێنەرانە تونایەکی زەینیی ناوازەیە دەتوانێت بیرۆکەی نوێ و دەگمەن و لۆژیکی بەرهەم بهێنێت، بۆیە بە باڵاترین جۆرەکانی بیرکردنە دادەنرێت؛ بەڵام لێکۆڵینەوەی زانستی لەم دیاردەیە تا ڕادەیەک درەنگ وەخت هات. ئەلیکساندرۆ رۆشکا دەڵێت: داهێنان پڕۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە، ڕەهەند و لایەنی زۆری هەیە، بۆیە پێدەچێت گەیشتن بە پێناسەیەکی دیاریکراو کە هەموان لەسەری کۆک بن کارێکی ئەستەم بێت، هەروەها زانایان ولێکۆڵیاران و پەروەردەکاران بۆ دۆزینەوەی پێناسەیەکی دیاریکراوی ئەم چەمکە بیرکردنەوەی قوڵیان هەبوو؛ بەڵام دیسانەوە نەگەیشتنە پێناسەیەکی دیاریکراو و گشتگیر؛ بەڵکو چەندین پێناسەیان بۆ ئەم دیاردەیە هەبوو کە ئەمانەی لای خوارەوە هەندێکیانن:

فەتحی عەبدولڕەحمان جڕوان دەڵێت: ” چالاکییەکی زەینی لێکدراو و ئامانجدارە کە ڕوبەڕووی ئارەزویەکی بەهێز دەبێتەوە لە گەڕان بە دوای چارەسەردا، یان گەیشتنە بە ئەنجامگەلێکی ڕەسەن بۆ هەڵوێستێک یان کێشەیەکی دیاریکراو.

بە پێێ ئەم پێناسەیە  بیرکردنەوەی داهێنەرانە چالاکییەکی زەینییە و چەندین چالاکی زەینی دیکە ئاوێتەی دەبێت  وەک: خەیاڵکردن، زیرەکی، پەی بردن، شیکاری وئەنجام دۆزی و…هتد، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک یان بەرهەمهێنانی شتێکی رەسەن.

تۆرانس دەڵێت : “بیرکردنەوەی داهێنەرانە هەستیارییە بەرانبەر بە کێشە و سەختی و کەلێنە مەعریفییەکان و  بنەچە  ونبووەکان، هەروەها گەڕانە بە دوای چارەسەری نوێ لە ڕێگەی دانانی چەندین ئەگەر وگریمانە.

بە پێێ ئەم پێناسەیە بۆمان دەردەکەوێت  کە تۆڕانس جەخت لەسەر ئەو قۆناغانە دەکاتەوە کە پڕۆسەی داهێنان پیایاندا دەگوزەرێت هەر لە هەستکردن بە کێشە تا ئامادەکردن و ئیشڕاق و بەجێهێنان کە دواتر بەرهەمێکی داهێنەرانەی لێدەکەوێتەوە.

پێناسەیەکی دیکەی بیرکردنەوەی داهێنەرانە دەڵێت: بیرکردنەوەی داهێنەرانە واتا ڕوانین لە شتێکی دیاریکراو بەڵام بە شیوەیەکی جیاواز و نوێ کە ناوی لێدەنێن (بیرکردنەوە لە دەرەوی سندووق ) یان (لە دەرەوەی بۆکسەکە) هەروەها کەسانی داهێنەر توانای دۆزینەوەی ئامڕازیی نوێیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رووبەڕووبوونەوەی سەرکێشییەکان.

دووەم: بەها و بایەخی بیرکردنەوەی داهێنەرانە

بیرکردنەوەی داهێنەرانە شێوازێکە لە شێوازە باڵاکانی چالاکی مرۆڤایەتی، هەر لە ساڵانی پەنجاکانەوە بووە بە پرسێکی گرنگی لێکۆڵینەوەی زانستی لە چەندین ولاتدا، چونکە بەبێ پێشخستنی توانای داهێنان لای مرۆڤەکان  پێشکەوتنی زانستی ڕوونادات. هەروەها پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و گەشەکردنیشی پەیوەستە بە  چەمکی داهێنان و ئەو توانایانە کە داهێنان  دەستەبەری دەکات تاوەکو بەشداری زیاتر و داهێنانی زۆرتر هەبێت بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەی ئەو کێشانەی ڕۆژ لەداوی ڕۆژ دەردەکەون. بیرکردنەوەی داهێنەرانە یەکێکە لە ئامرازەکانی ئێستای پێشخستنی شارستانییەتی، گرنگییەکی گەورەی هەیە لە پێشکەوتنی مرۆڤی هاوچەرخ و ئامرازی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ئێستا و سەرکێشیەکانی داهاتووی مرۆڤە.

لێکۆڵینەوەکانی جیلفۆرد (١٩٦٥) و تۆرانس (١٩٧٧) جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ شتێک هێندەی ئەدائی داهێنەرانە بەرپرس نییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزرانی وپێشخستنی نەتەوەکان. هەروەها موحەمەد عەبد ولڕەزاق (١٩٩٤) پێی وایە بیرکردنەوەی داهێنەرانە بەرپرسە لە گەشەکردنی شارستانییەتە پێشکەوتوەکان لە سەردەمە جیاوازەکانی مرۆڤایەتیدا، چونکە بەرهەمی نەتەوە دێرینەکانی شارستانییەتە جیاوازەکانی دونیا خاوەنی داهێنان بوون، هەروەها بەرهەمی شارستانییەتە نوێکانیش داهێنانی زۆری تێدا هەبووە، گەر داهێنەران و بیرۆکەکانی ئەوان نەبووایا، ژیان هەتا ئەم ڕۆژەیش هەر بە شێوازە سەرەتاییەکەی دەمایەوە، جگە لەوەیش داهێنان  خۆشیبەخشە  و ئاستی چێژ و هەستی خەڵکی باڵاتر دەکات و تاکی داهێنەر بەرهەمێکی زانستی یان هونەری ئاست بەرزمان پێشکەش دەکات  کە ژیانمان لا قبوڵکراو بێت، هەروەها  بەشدار دەبێت  لە دەولەمەندکردنی ژیان بە بەرهەمی دڵکارانە.

لەم بارەیەوە لێکۆڵێنەوەیەکی (سەندرا کریکا ١٩٩٠) دەریدەخات کە بیرکردنەوەی داهێنەرانە و چارەسەکردنی کێشەکان یەکێکە لە گرنگترین کارامەییە سەرەکییەکان کە ڕێکدەخرێت و مەشقی لەسەر دەکرێت وەک کارامەییەکی سەرەکی پێویست بۆ دامەزراندن  و فەرمانبەرێتی لە داهاتوودا. بیرکردنەوەی داهێنەرانە وەک بەشێک لە پڕۆسەی فیرکردن لە قوتابخانەکاندا وێرای گرنگی زانستی و پەروەردەیی  پڕۆسەیەکە  پەیوەندی  بە گەشەکردن وپێشخستن و ڕوبەڕووبوونەوەی سەرکێشییەکانی داهاتووەوە هەیە لە جیهانێکدا کە بیرکردنەوە سەرکردایەتی دەکات .

سێیەم: کەسی داهێنەر کێیە؟ 

کەسی داهێنەر لە رووی سروشتییەوە زۆر جیاواز نییە لە خەڵکانی دیکە، بەڵام خاوەن هەندێک تایبەتمەندی و توانایە کە نیشانەی دۆزینەوە و نوێکردنەوەن.

هەموو کەسێک دەتوانێت داهێنەر بێت گەر هەندێک زانیاری و کارامەیی بەدەستبهێنێت  و بەرەو داهێنان ئاراستەیان بکات و هەوڵ بدات ئەو زانیاری و کارامەییانە  لە خۆیدا بەهێزتر بکات. بۆیە  ناتوانین بە شیوەیەکی ڕەها بە کەسێک بڵیین (ئەمە داهێنەر نییە)، چونکە هەموو کەس بەهۆی ژیانکردن هەندێک زانیاری و کارامەیی داهێنەرانەی بەدەست هێناوە، ئەگەرچی کەم بن یان دەگمەن؛ بەڵام خۆ ئەو کەسە خۆی دواجار لەگەڵ ئەو زانیاری  و کارامەییانە ژیاوە و ئەزموونی کردووە و چێژی لێ بینیوە.

بۆیە داهێنان بۆ زۆرینەی خەڵک دوورە دەست نییە؛ بەڵام جیاوازیی نێوان زانایان و بیرمەندان و هونەرمەندان  لە لە خەڵکی ئاسیی  ئەوەیە کە ئەزموونی ئەوان و بابەتەکانیان کاریگەرییەکی گەورەتریان هەبووە  بۆ ژیانی خەڵکی وەک لە ئەزموونی خەڵکانی ئاسایی.

چوارەم: بنەچەکانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە چین؟

بیرکردنەوەی داهێنەرانە وەک هەر چۆرێکی دیکەی بیرکردنەوە هەندێک کارامەیی یان بنەچەی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە جۆرەکانی دیکەی بیرکردنەوە، ئەو بنەچانەیش کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی سەرجەم لێکۆڵیاران و پەروەردەکاران لەسەری کۆکن  ئەمانەن:

١. ڕەوانکاریی (الطلاقة Fluency):

واتە توانای تاکەکەس  بۆ بەرهەمهێنانی زۆرترین  بیرۆکە لەماوەیەکی دیاریکراودا. یان شەپۆلێکە لەبیرۆکە و پێشنیار و وێنە و گوزارشتی گونجاو کە  لە ماویەکی دیاریکراودا کەسێک بەرهەمیدەهێنێت و دەبێ ئەو شەپۆلە ژمارەیەک بیرۆکەی نوێی لە خۆ بگرێ کە دەکرێت توانای بەرهەمهێنانی هاومانایی یان بیرۆکەی بەدیلی تیابێت بۆ چارەسەری کێشەکان. جۆرەکانی ڕەوانکاریی ئەمانەن:

أ. زمان-ڕەوانی (الطلاقة اللغویة Linguistic Fluency):

واتە توانای کەسێک بۆ بەرهەمهێنانی زۆرترین ژمارە لە وشە کە کۆمەڵێک سیفەتی دیاریکراویان تیادا بێت، بۆ نموونە: 

  • زۆرترین وشە بنووسە کە بە پیتی (م) دەستپێدەکات و هەر بە (م) کۆتایی دێت.
  • زۆرترین وشە بنووسە کە لە چوار پێت پێک دێت و بە پێتی (گ) دەسپێدەکات.

لەم نموونانەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە زمان-ڕەوانی بریتیە لە توانای تاکەکەس  بۆ بەکارهێنانی وشەکان بە شێوەیەکی زارەکی هەروەها توانای تاکەکەس لە بەکارهێنانی وشە بە نموونەییترین شیوە؛ بۆیە زمان- ڕەوانی گرنگیەکی زۆری هەیە لەڕووی فراوانبوونی زمانەوانی تاکەکەس و ڕاستکردنەوەی هەڵە زمانەوانییەکانی و فراوانکردنی فەرهەنگی زمانەوانی وتوانای گوزارشتکردن و ئاخاوتن.

ب. وێنە(فۆڕم) -ڕەوانی (الطلاقة الصوریة Formal Fluency):

واتە توانای وێنەکێشانی چەند نموونەیەکی بینراو بەخێرایی، یان توانای زیادکردن بۆ سەر شێوەیەکی دیاریکراو تا دەبێتە وێنەیەکی ڕاستەقینە وەک:

  • بەکارهێنانی زۆرترین بازنەی داخراو، هێڵی هاوتەریپ، یان چوارگۆشە لە کورتترین کاتدا.
  • دۆزینەوەی زۆرترین فیگەری هاوشێوە لە تابلۆیەکدا یان نیگارێکی ئەندازەییدا.

کەوابوو دەتوانین بڵێین وێنە-ڕەوانی یارمەتیدەرە لە فراوانبوونی خەیاڵ، ئەویش دەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی یادگەی تاکەکەس  کە دواتر لە خاوەن  خەیاڵێکی سادەوە دەبێتە  خاوەن  خەیاڵێکی قوڵ و بیرکردنەوەی داهێنەرانە.

ج. زەین-ڕەوانی (الطلاقة الذهنیة Mental fluency):

بەو واتایەی تاکەکەس هەر کات پێویستی بوو توانای هەبێت بە سادەیی بابەت و زانیاری کەلەکە بووی ناو یادگەی خۆی بهێنێتەوە. یان بتوانێت سوود لە گرفت و کێشەکان وەربگرێت نەک دۆش دابمێنێت و بیر لە چارەسەری داهێنەرانە دەکاتەوە.  

بۆ نموونە پیاوێک زەوییەک دەکڕێت بەمەبەستی بەهەمهێنانی جۆرێکی دیاریکراو لە رووەک کە پێویستییەکی زۆری بە تیشکی خۆر دەبێت؛ بەڵام دواتر بۆی دەردەکەوێت زەویەکەی شێدار و نسارە، واتە تیشکی خۆرکەم دەیگرێتەوە. لەو کاتەدا بیرۆکەیەکی داهێنەرانە لە خەیاڵدانیدا لەدایک دەبێت و بڕیار دەدات زەویەکە بکات بە کێڵگەی بەرهەمهێنانی قارچک کە پێوستی بە ژینگەیەکی لەو شێوەیەیە.

د. گوزارشت- ڕەوانی (الطلاقة التعبیریة Expressive fluency):

بەواتای توانای پێکهێنان وگوزارشتکردن لە بیرۆکەی دیاریکراو بەشێوەیەکی ئاسان و لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشەی بەیەکەوە گونجاو. بۆ نموونە:

 داوا لەکەسیک بکە زۆرترین ڕستەمان بداتێ کە پێکهاتووە لە پێنج وشە، بەو مەرجەی هەموو ڕستەکان جیاوازبن  وهیچ وشەیەک دووبارە نەبووبێتەوە.

گوزارشت-رەوانی دوو جۆرە: زارەکی و نووسراو. ئەم جۆرە لە ڕەوانکاریی تاڕادەیەکی زۆر پشت دەبەستێت  بە زمان، چونکە وشە ئامرازی گوزارشتکردنە لە بیرۆکەو واتاکان و گواستنەوەیان بۆ کەسانی تر و بەکارهێنانی ئەو وشانە بە شێوەیەکی دروست و جوان  و بە شیوازێکی سەرسوڕهێنەر.

دووەم: گونجاندن (المرونة Flexibility):

واتە توانای بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی جیاواز لە بیرو بۆچون وبیرۆکە و کاردانەوە و گواستنەوە لە شیوازێکی دیاریکراوی بیرکردنەوە بۆ شیوازێکی تر. بەم پێیە، کەسی داهێنەر کەسێکی خۆگونجێنە و دەتوانێت بە ئازادی و ئاسانی گوزارشت لە بیروبۆچوونی هەمە چەشن و جیاواز و ناباوی خۆی بکات کە یارمەتیدەری دەبن بۆ دۆزینەوەی بەدیلی باشتر  بۆ هەر کێشەیەک. هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی وشە و زمان و بێژە لێکدراوەکان دەبێت و گواستنەوەیان بۆ کەسانی تر؛ چونکە زمان سەرچاوەیەکی سەرەکییە لە چالاککردنی پڕۆسەی داهێنان و بەرهەمهێنانی فیکری . 

جۆرەکانی گونجاندن :

  1. گونجاندنی خۆڕسکانە (المرونة التلقائیة Spontaneous Flexibility)
  2. گونجاندنی ڕاهێنراوانە (المرونة التکییفیة Adaptive Flexibility)

سێیەم: ڕەسەنایەتی ( الأصالة Originality): 

واتە توانای بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ و ناوازە و سەرسامکەر و ناباو، واتا لەڕووی ئامارییەوە لەو نێوەندەی کەسەکەی تێدایە کەم بەکارهاتبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کەسی داهێنەر کەسێکە خاوەن بیرکردنەوەیەکی ڕەسەنە، بیرۆکەی خەڵکانی تر دووبارە ناکاتەوە، کەسێکە بیرۆکەکانی ڕەچەشکێن و ناباون. بەم شێوەیە ئەو کەسە ئەگەر داهێنان بکات لە بواری زماندا، بەشێوەیەکی نوێ زمان بەگەڕدەخات و واتای نوێ دەبەخشێت بە زمان کە پێشتر بە بیری هیچ کەسێکدا نەهاتووە.

چوارەم: هەستیاری لەئاست کێشەکاندا (الحساسیة تجاه المشکلات Sensitivity to Problems):

واتا توانای دۆزینەوەی کێشە و ئاڵۆزیی و کەموکورتی لە زانیارییەکاندا بەر لە گەیشتن بە چارەسەر بە هۆی وشیاریی کەسی فێرخواز بە بوونی کێشەیەک لە پێکهاتەی هەڵوێستەیەک یان یەکێک لە بنەچەکانی کە هەستیاری دەخوازێت بەرانبەر بەو هەڵوێستە یان ئەو کێشەیە. کەسی داهێنەر درک بە بوونی کێشەکە  یان لاوازی یەکێک لە بنەچەکانی هەر بابەتێک دەکات. ئەم درککردنە بە هەنگاوی یەکەمی پڕۆسەی گەڕان بە دوای چارەسەر دادەنرێت. هەستیاریی کەسی داهێنەر پاڵنەر دەبێت بۆ سەرنجدان لەو شتانەی ناباون لە ناوەندەکەیدا و پرسیار بوروژێنێت دەربارەیان.

پێنجەم: هەستیاری بەرانبەر بە وردەکارییەکان (الحساسیة تجاه التفاصیل Sensitivity to Details):

واتە توانای زیادکردنی وردەکاری نوێ و هەمەچەشن بۆ بیرۆکەیەکی دیاریکراو، یان جارەسەر بۆ کێشەیەک، یان هەر زیادەیەک کە دەکرێت یارمەتیدەربێت لە گەشەکردن و دەوڵەمەندکردنی بیرۆکەکە  لە کاتی جێبەجێکردندا.

بەڵام وێرای هەموو ئەوەی کە باسکرا بیرکردنەوەی داهێنەرانە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەیە و زاناکان لەم خاڵانەی لای خوارەوە کورتیان کردەوەتەوە:

١. توانای دۆزینەوە و هەڵهێنجانی پەیوەندیی گونجاو لەنێوان شتە جیاوازەکاندا.

٢. کەسی داهێنەر تەنها بیر لە چارەسەری نوێ ناکاتەوەک؛ بەڵکو هەست بە کێشە نوێیەکانیش دەکات، هەروەها لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو کێشە و دژواری و کەموکورتیانەی دەوروبەری خۆی.

٣. داهێنان پشت بەستە بە بیرکردنەوەی لابەلایی lateral thinking (التفكير الجانبي) کە بەدوای چارەسەری ناڕاستەوخۆدا دەگەڕێت بۆ کێشە و گرفتەکان.

٤. بیکردنەوەی داهێنەرانە بەدوای تاکە چارەسرێکدا ناگاڕێت بەڵکو خوازیاری چارەدۆزیی هەمەچەشنە، هەروەها سوودبەخشە و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پەسەندکراوە.

٥. هەموو کات پابەند نییە بە یاسا لۆژیکییەکان و پێشبینی بۆ دەرئەنجامەکانی ناکرێت.

٦. هەوڵی دۆزینەوە و هەڵهێنجانی بیرۆکە دەدات و کار لەسەر ئەو بیرۆکانە دەکات.

٧. توانای هزریی دەوروژێنێت و پەرە بە کارامەیی و مەیل و ئاڕاستە نوێکان  دەدات.

٨. پڕۆسەی زەینی باڵا لەخۆدەگرێت، وەک خەیاڵ، زیرەکی، شیکاری، ئەنجام دۆزی و بەراوردکاری و .. هتد.

 سەرچاوەکان:

  • التفکیر الابداعي بين النظرية والتطبيق، الدكتور محمد عبد السلام.
  • موقع (فرصة) للدراسات والبحوث.
  • مهارات التفكير الأبداعي (كيف تكون مبدعاً)، الدكتور محمد عبد الغني حسن هلال.
  • الأبداع مفهومه وتدريبه، فتحي عبد الرحمن جروان، عمان، دار الفكر.